
جیهانێکی بەتاڵ لە هیوا
(خوێندنەوەی رۆمانی دادگایی فرانتس کافکا)
ساڵی 1998 وتارێکی کورتی میلان کۆندێرا، نووسەری هاوچەرخ و هاووڵاتی فرانتس کافکام کرد بە کوردی کە پێموابوو یارمەتییەکی زۆرمان دەدا لەو جیهانە داستانییە نزیک ببینەوە کە پێی دەگوترێ «جیهانی کافکایی»و، وێڕای لایەنە تەمسیلی و هێماییەکەی زۆر لە واقیعی جیهانی خۆمان، بە تایبەت لە کۆمەڵگە داخراو و توتالیتارییەکان، نزیکە.
کۆندێرا لەو وتارە کورتەیدا، بە شێوازێکی تایبەت بە خۆی، گەلێک رووداو و پێشهاتی وڵاتەکەی ــ کۆمەڵگەی چێکی سەردەمی دەسەڵاتداری کۆمۆنیستەکان ــ دەگێڕێتەوە کە زۆر لە رووداو و پێشهاتەکانی رۆمانەکانی کافکا، بە تایبەت «کۆشک» و «دادگایی» دەچێت. ئایا ئەمە بەو مانایەیە کە کافکای خەڵکی چێک لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا پێشبینی و پێشگۆیی ژیان لە ژێر سایەی سیستەمی کۆمۆنیستی، یان بە شێوەیەکی بەربڵاوتر، سیستەمی تۆتالیتاری کردووە؟ بێگومان چیرۆک و رۆمانەکانی کافکا پەردە لە زۆر لایەنی ژیان لە کۆمەڵگە داخراو و تۆتالیتارییەکان هەڵدەدەنەوە، بەڵام وەک خودی کۆندێراش دەڵێ: «جیهانی کافکایی لەگەڵ هەموو پێناسەکانی کۆمەڵگەی تۆتالیتاردا نایەتەوە. حیزب، ئیدئۆلۆژی، سیاسەت، پۆلیس و سوپا لە بەرهەمەکانی کافکادا نین. هەروەها لە کۆمەڵگە ناتۆتالیتار و ئازادەکانیشدا زۆرجار مرۆڤ دەکەوێتە بارودۆخێکەوە کە لە بارودۆخی کەسایەتییەکانی کافکاوە نزیکە. بۆیە دەگوترێت هەوڵی زۆر دراوە کە بەرهەمەکانی کافکا وەک رەخنەیەک لە کۆمەڵگەی پیشەسازی و رەنجبەری و لەخۆنامۆیی، وەک رەخنەیەک لە ئەخلاقیاتی بورژوازی و، بە گشتی وەک رەخنەیەک لە سیستەمی کاپیتالیستی لێک بدرێتەوە، بەڵام دیسان لە جیهانی کافکاییدا هیچ دیاردەیەکی سەرمایەداری وەک پارە، دەسەڵاتی پارە، کاسبکاری، کرێکاری رۆژمز، خاوەندارێتی و شەڕی چینایەتی و ... بوونیان نییە. »









