گێڕانه‌وه‌ی نوێکارانه و پێکهاته‌ی هونه‌ری له رۆمانی کوردی‌دا: خوێندنه‌وه‌ی گره‌وی به‌ختی هه‌ڵاڵه‌ی عه‌تا نه‌هایی
دوکتۆر به‌ختیار سه‌جادی
زانکۆی ئێکسێتێر، بریتانیا
پێشه‌کی
عه‌تا نه‌هایی تاکوو ئێستا سێ رۆمانی نووسیوه: گوڵی شۆران (1998)، باڵنده‌کانی ده‌م با (2002)، گره‌وی به‌ختی هه‌ڵاڵه[1] (2008). من یه‌که‌م جاره له سه‌ر به‌رهه‌مێکی ئه‌م نووسه‌ره بنووسم و هۆیه‌که‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که هه‌ست به جیاوازییه‌ک ده‌که‌م له نێوان ئه‌م رۆمانه و به‌رهه‌مه‌کانی تری ئه‌م نووسه‌ره‌دا. پێش ئه‌وه‌ی هه‌وڵ بده‌م لایه‌ن و ته‌کنیکه جیاجیاکانی ئه‌م رۆمانه، تایبه‌تمه‌ندییه به‌رچاوه‌کانی و نوێکارییه‌کانی له گێڕانه‌وه و داڕشتنی پێکهاته‌ی رۆمانه‌که‌دا بخه‌مه روو، سه‌ره‌تا ئه‌بێ باس له‌وه بکه‌م بۆچی له سه‌ر ئه‌م رۆمانه ده‌نووسم و له سه‌ر ئه‌و دوو رۆمانه‌که‌ی تری ئه‌م نووسه‌ره نه‌منووسیوه.









