زەروورەتی هاوکاری و...

زەروورەتی هاوکاری و

پەروەردەی ئەدەبی

خورافەیکی گەورە ‌کە لە‌ کۆمەڵگەی ئێمەدا باوە و لە ‌ئیفلیجی سیستەمی پەروەردە و قوتابخانە و کۆلیژە ئەدەبی و هونەرییەکانەوە سەری هەڵداوە، ئەوەیە کە داهێنەری ئەدەبی (شاعیران و نووسەران) پێویستیان بە فێرگە و خویندکاری و قوتابییەتی نییە. ئەڵبەت گەلێک بەڵگە و پاساو بۆ ئەم بیروبۆچوونە هەڵەیە هەیە. بۆ نموونە دەگوترێت داهێنانی بەرهەمی ئەدەبی کردەیەکی تاکە کەسییە کە پشتی بە حەز و بەهرە و ئەزموونی شەخسی و ئاستی رۆشنبیریی و مەعریفە و دنیابینی شاعیر و نووسەرەکەی بەستووە و، ئەم ئەزموون و رۆشنبیرییە فرە رەهەندەش لە فێرگە و لەبەر دەستی مامۆستایەکی شاعیر یان نووسەر و ئەدیب بە دەست نایەت...

یان دەگوترێت داهێنانی بەرهەمی ئەدەبی مۆدێرن و شێعر و چیرۆک و رۆمانی هاوچەرخ، داهێنانی جیهانێکی شەخسییە کە مل بە هیچ یاسا و رێسا و چوارچێوە و ساختارێکی دیاری کراوی رەنگ بۆ رژاو نادات و، هیچ مامۆستایەک ناتوانێ و بۆی نییە بە ناوی پەروەردە و فێرکاری، یان تەنانەت بە ‌ناوی پێشنیار و هاوکارییەوە دەست لەو جیهانە داهاتە شەخسییەی وەر بدات... یان دەگوترێت هەر نووسەر و شاعیرێک بۆی هەیە بەوپەڕی ئازادییەوە بەر بۆ خەیاڵ و ئەندێشە و قەڵەمی شل بکات و تا چاپ و بڵاوبوونەوەی بەرهەمەکەی گوێ بە پێشنیار و راوبۆچوونی سەلبی و ئیجابی کەس نەدات... دیارە‌من گومان لە‌راستی بەشێک لەم گوتە و بۆچوونانە ناکەم. بەڵام راستییەکی دیکەش هەیە کە هەوڵ دەدەم لە درێژەی یاداشتەکەدا باسی بکەم.

لە وڵاتێکی وەک ئێراندا ئەگەرچی سیستەمی پەروەردە و زانکۆ و پەیمانگە ئەدەبییەکان دەورێکی ئەوتۆیان لە پەرەسەندنی ئەدەبی و بەرز کردنەوەی ئاستی توانای داهێنەرانەی شاعیر و نووسەر و، پێگەیاندنی خوێنەری جیدی و چالاک و وشیار نییە، بەڵام خودی شاعیران و نووسەران توانیویانە ‌تا رادەیەکی زۆر ئەم کەلێنە پڕ بکەنەوە. بە بڕاوی من یەکێک لە‌ هۆکارە سەرەکییەکانی پێشکەوتنی شێعر و چیرۆک و رۆمانی هاوچەرخی فارسی، گرینگیدانی شاعیران و نووسەران بە‌ پەروەردە و فێرکاری ئەدەبی و گوێزانەوەی ئەزموونی شیعری و داستانی لە ‌نەوەیەکەوە بۆ نەوەکانی دیکەیە. پێشتریش گوتوومە کە نیما یووشیجی باوکی شێعری مۆدێڕن و نوێی فارسی زیاتر لە کۆی بەرهەمە شێعرییەکانی، نووسینی پەروەردەیی و فێرکارانەی لە بارەی چۆنییەتی داڕشتنی شێعری خۆیەوە بڵاو کردووەتەوە. لە‌ پاش نیماش کەم شاعیر و نووسەری جیدی و ناوداری فارس هەیە کە بێجگە لە ‌بڵاو کردنەوەی ئەزموونەکانی کار کردنی لە ‌دوو توێی کتێب و گۆڤارەکاندا، کارگە و ڤۆرک شۆپێکی شێعری یان چیرۆکی بۆ پەروەردەی نەوەیەکی نوێی شاعیر و چیرۆکنووس نەبووبێت. خۆش ئەوەیە کە‌ ئەم مامۆستا شاعیر و نووسەرانە لە ‌هەمان کاتدا کە خاوەنی فێرگە و ڤۆرک شۆپی شێعر و چیرۆک بوون، خۆشیان ئەندامی چالاکی ئەو کۆڕ و دانیشتنە ئەدەبییە نافەرمی و ناحکوومییانە بوون کە لە ماڵ و نووسینگەکانی خۆیان بەرێوە چووە و، هەر کام لەم کۆڕ و دانشتنە بەردەوام و حەفتانە یان مانگانەیە لانیکەم دە پانزە، یان بیست سی شاعیر و نووسەر و رەخنەگری دیار و ناوداری لە دەوری یەکتر کۆکردووەتەوە. ئەوان جگە لە‌باس و خواسی فەرهەنگی و ئەدەبی، شێعر و چیرۆک و نووسینەکانی خۆشیان بۆ یەکتر خوێندووەتەوە و بەبێ هیچ جۆرە ‌رووگیر بوونێک رەخنەی توندیان لە ‌یەکتر گرتووە و ئامۆژگاری یەکتریان کردووە و هەڵە و پەڵەی یەکتریان راست کردووەتەوە. بێگومان ئەمە تەنیا نەریتی شارێکی وەک تاران نەبووە و نییە، لە زۆربەی شارە گەورە و بچووکەکاندا ئەم نەریتە بووە و هەیە. هووشەنگی گوڵشیری کۆچکردوو کە خۆی یەکێک لە چیرۆکنووسە دیار و ناودارەکانی ئێران و خەڵکی شاری ئەسفەهان بووە، لە‌ چەند وتار و دیمانەیەدا باسی ئەوە دەکات کە بە درێژایی ژیانی ئەدەبی خۆی بەرلەوە هیچ چیرۆک و رۆمانێکی بڵاو بکاتەوە لە ‌یەکێک لەم کۆڕ و دانیشتنانەدا بۆ هاوڕێ شاعیر و نووسەر و رەخنەگرەکانی و تەنانەت بۆ قوتابییەکانیشی خوێندۆتەوە و، لەسەر داوا و پێشنیاری رەوای ئەوان هەندێک دەسکاری پێویستی کردووە. ئەم نەریتە پەسندە ئەدەبییە لە پاش شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979 و لەم سی ساڵەی دواییشدا، وێڕای داخراوتر بوونی فەزای فەرهەنگی و ئەدەبی و گەلێک کێشە و گرفتی قورس کە هاتووەتە سەر رێی شاعیران و نووسەران، هەروا بەردەوام و تەنانەت زیاتریش پەرەی سەندووە. وەها کە بەشێکی زۆر لە شاعیران و نووسەرانی پڕ بەهرە و بەرهەمی ئەم سی ساڵەش، کە‌ ئێستا هەر یەکە و بۆ خۆیان و لە ماڵ و نووسینگەی خۆیان کارگە و ڤۆرک شۆپی شێعر یان چیرۆکیان هەیە و بە‌ مانگانەی دەیان فێرخوازی گەنجی شێعر و چیرۆک ژیانیان بەرێوە دەبەن، خۆیان قوتابی و چالاکی کارگە و ڤۆرک شۆپی شێعر و چیرۆکی ناودارانێکی وەک رەزا بەراهەنی و هووشەنگ گوڵشیری و جەمال میرسادقی و... بوون و، بەبێ پرس و ڕای مامۆستاکانیان و لە هێلەک درانی نووسینەکانیان هیچ بەرهەمێکیان بڵاو نەکردووەتەوە.

عەباس مەعرووفی نووسەری ناودار کە چەند چیرۆک و رۆمانیشی کراوە بە کوردی، لە زۆر شوێن گوتوویەتی کە ئێمە (خۆی و هاوڕێ نووسەرەکانی) قوتابی و دەست پەروەردەی کەسانێکی وەک هووشەنگ گوڵشیری بووین و لە بن پاڵتۆکەی ئەوەوە هاتووینەتە دەر. شەهریار مەندنی پووری چیرۆکنووس و رۆماننووسی پڕ بەهرە و بەرهەمی شیرازی، کە ‌ئێستا لە دەرەوەی وڵات دەژی و وەرگێڕانی بەرهەمەکانی بە زمانی ئینگلیسی خەڵاتی گەورەیان وەرگرتووە، تا چەند ساڵ پاش مەرگی گوڵشیریش هیچ بەرهەمێکی بڵاو نەدەکردەوە. من، شەش حەوت ساڵ لەمەبەر، کاتێک هۆی ئەو بڵاو نەکردنەوم لێ پرسی، بە تەوازوعێکی پڕ شکۆی داهێنەرانەوە پێی گوتم: «من لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ هیچ بەرهەمێکم بڵاو نەکردووەتەوە کە پێشتر لە ماڵەوە یان لە‌ کارگەکەی گوڵشیری نەمخوێندبێتەوە و راوبۆچوونی هاوڕێکانم وەرنەگرتبێت و بە ‌پێی ئامۆژگارییەکانی مامۆستا دەسکاریم نەکردبێت. بەڵام ئێستا، لەوەتی گوڵشیری نەماوە، بەبێ ئامۆژگاری و ئیجازەی ئەو جورئەتی بڵاو کردنەوەم نییە.» مەندنی پوور کاتێک ئەوەی بە من دەگوت کە ‌زۆر خوێنەر و تەنانەت رەخنەگریش بەرهەمەکانی ئەویان لە بەرهەمی مامۆستاکەی بەلاوە پەسندتر بوو.

ئەم رۆحییەتی فێرکاری و فێرخوازییە، کە‌ هاوکات لە‌ زۆربەی شاعیران و نووسەرانی ئێرانیدا هەبووە و هەیە و دەورێکی باڵای لە پێگەیشتن و پێگەیاندنی شاعیران و نووسەرانی فارسدا بینیوە و دەبینێت، بەو مانایە نییە کە هیچ کێشە و گرفت و شەڕ و ناتەباییەک لە ‌مابەینی ئەواندا نەبێت و هەموویان وەک یەک بیر بکەنەوە و وەک یەک بنووسن و دابهێنن. بێگومان فەزای ئەدەبی فارسیش، وەک هەموو فەزایەکی زیندوو و چالاکی ئەدەبی تر، پڕە لە جیاوازی بیروڕا و تەنانەت ‌کێشمەکێش و دژایەتی و شەڕ و چەند بەرەکەیی. ئەم جیاوازی و کێشمەکێش و شەڕ و ناتەباییە لە ‌ئاستی بەرز و لە ‌نێوان دیارترین و بەهرەمەندترین شاعیران و نووسەرانیشدا هەیە و، دەبێ لە شوێنی خۆی باسی لێ بکردرێت. بەڵام ئەوەندە کە ‌پەیوەندی بە بابەتی ئەم یاداشتە و زەروورەت و پێۆیستی فێرگە و کۆڕ و کۆبوونەوە و کارگە و ڤۆرک شۆپی ئەدەبییەوە هەیە، دەبێ‌ بڵیم کە زۆربەی ئەو شاعیر و نووسەرە دیار و ناودارانە کە بڕوایان بە‌ پەروەردە و فێرکاری داهێنانی ئەدەبی بووە و، هەوڵیان بۆ لێک نزیککردنەوەی شاعیران و نووسەران و گوێزانەوەی ئەزموونی داهێنان و برەودان بە رۆحییەتی پیکەوەیی و قوتابییەتی ئەدەبیی داوە، هەوڵیان بۆ سەپاندنی بیر و باوەڕی خۆیان و فۆڕم و شێوازی کارکردنی ئەدەبی خۆیان بەسەر هاوڕێ و هاوکار و تەنانەت قوتابییەکانیان نەداوە. بەڵکوو بە پێچەوانەوە، زۆرترین خەباتیان بۆ عەینی و بەرهەست کردنەوەی پێویستیی فرەدەنگی و فرەرەنگی و فرەشێوازی ئەدەبیی کردووە، کە خواست و پەیامی سەرەکی ئەدەبی مۆدێڕن و بە تایبەت چیرۆک و رۆمانی هاوچەرخە. بۆ سەلماندنی ئەم راستییەش ئەوەندە بەسە کە بڵێم بەشێکی زۆر لە هاوڕێ و هاوکار و قوتابییانی کەسانێکی وەک بەراهەنی و گوڵشیری کە ‌ئێستا لە ناودارترین شاعیران و نووسەرانی ئێرانین، زۆرترین جیاوازی بیر و بۆچوونی فکری و ئەدەبییان هەیە و، هەرکامیان بە شکڵ و شێوازێکی جیاواز لەوانیتر دەنووسن...

بە داخەوە مەجالی کەمی ئەم گۆشەیە رێگەی ئەوەم پێ نادات کە درێژەی باسەکەم بگوێزمەوە بۆ کەش و فەزای ئەدەبی کوردی و، وێڕای قسە کردن لە ‌پێویستیی ئەم جۆرە چالاکییە ئەدەبییە، لە هۆکارەکانی نەبوونی ئەم کەلتوور و نەریتە پەسند و پێویستە لە ناو فەزای ئەدەبی خۆمان بکۆڵمەوە. هیوادارم لە یاداشتێکی دیکە و گۆشەیەکی دیکەدا ئەم کارە بکەم.

(ئه‌مه‌ یه‌که‌م نووسین بۆ ستوونێکی ئه‌ده‌بییه‌ که‌ له‌ " په‌یک " به‌شی ئه‌ده‌بی رۆژنامه‌ی رۆژنامه‌ بلاو بۆته‌وه‌.  له‌مه‌دوا مانگی جارێک یاداشتێکی ئه‌ده‌بی – فه‌رهه‌نگی له‌و ستوونه‌دا بلاو ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ پاش دوو حه‌فته‌ له‌ گۆشه‌ی یاداشتی ئه‌م ماڵپه‌ره‌شدا دایده‌به‌زێنم.)

LEAVE A REPLY

کتێبه‌کان

Picture_254
IMG_2415
IMG_2414
IMG_2413
IMG_2422

IMG_2421

karigai_chirok_ata_nahaee

ڕا پرسی

ڕای تۆ ده‌رباره‌ی ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ چیه‌؟

له‌سه‌ر خه‌ت

ئێستا 2 میوان ‌پێوه‌ستن

Login Form