زەروورەتی هاوکاری و
پەروەردەی ئەدەبی
خورافەیکی گەورە کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا باوە و لە ئیفلیجی سیستەمی پەروەردە و قوتابخانە و کۆلیژە ئەدەبی و هونەرییەکانەوە سەری هەڵداوە، ئەوەیە کە داهێنەری ئەدەبی (شاعیران و نووسەران) پێویستیان بە فێرگە و خویندکاری و قوتابییەتی نییە. ئەڵبەت گەلێک بەڵگە و پاساو بۆ ئەم بیروبۆچوونە هەڵەیە هەیە. بۆ نموونە دەگوترێت داهێنانی بەرهەمی ئەدەبی کردەیەکی تاکە کەسییە کە پشتی بە حەز و بەهرە و ئەزموونی شەخسی و ئاستی رۆشنبیریی و مەعریفە و دنیابینی شاعیر و نووسەرەکەی بەستووە و، ئەم ئەزموون و رۆشنبیرییە فرە رەهەندەش لە فێرگە و لەبەر دەستی مامۆستایەکی شاعیر یان نووسەر و ئەدیب بە دەست نایەت...









